...چاوەڕوانبە
kurdsubtitle loading gif
(14) پێداچوونەوەکانی ڕێڤان ئاراس

فیلمێکی تا ڕادەیەک بەهێزە، چەند پەیامێکی هەیە کە ئەویش ئەوەیە مرۆڤ هەرچەندە کاری گەورە بکات نابێت غروور بیگرێت چوونکە هەموو شتێ مەترسی لەناو چوونی لەسەرە، وە هەروەها چەندێک مرۆڤ حەزی بە کاری گەورە بێت ئەوەندەش مرۆڤ هەیە کە حەزیان بە تێکدانی کارە گەورەکان بێت، ئەوەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە لایەنی جەستەیی ناتوانێت کار بکاتە مرۆڤ و لاوازی بکات گەر مرۆڤ باوەڕی بەخۆی بێت، لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە گەورەیی باوکمام بۆ دەردەخات

بۆ فیلمی Skyscraper

بە ڕای من ئەمە یەکێکە لە باشترین فیلمە کۆمیدیە سادەکانی سینەما، فیلمێک کە پەیامێکی زۆر قوڵی نیە بەڵام هێشتا جێی خۆی لە نێوان خەڵکیدا کردۆتەوە، بێگوومان ئەمەش بەهۆی نواندنە نایابەکەی "جیم کاری" وە هەروەها "جێف دانیەڵس". بەڵام دەتوانین لەم فیلمە شتێک فێرببین کە مرۆڤ چەندە لە سەختی و چەندە لە کێشەدا بێت هێشتا نابیت پشت لە هاوڕێکەی بکات، تەنانەت دوو کەسی گەمژەش پشتیان لە یەک نەکرد و هاوڕێیەتی خۆیان پاراست.

بۆ فیلمی Dumb and Dumber

لە هەموو بوارەکانی ژیان کە دەیبینین هەمیشە کەسێک یاخوود سەردەمێک هەیە کە ڕێڕەوی ئەو بوارەی بۆ هەمیشە گۆڕیوە، بۆ نموونە؛ ئەفسانەی تۆپی پێ "پێلێ" توانی تا هەتایە ڕێرەوی ئەو وەرزشە بگۆڕێت، بێگوومان فیلمی "گادفازە - باوکی ڕۆحی"ـش توانی تا هەتایە ڕێرەوی سینەما بگۆڕێت، بێگوومان ئەم فیلمە پێویستی بە وەسف و سەنای کەس نیە، بێگوومان و بێ هیچ ڕازی نەبوونێک زۆربەی سینەما دۆستان کۆکن لەسەر ئەوەی باشترینی مێژووە، "فۆرس کۆپۆلا" کارێکی کرد کە بۆ هەتا هەتایە لە هزر و بیرەوەری سینەما دۆستاندا و تەنانەت ئاکتەرەکانیشدا بمێنێتەوە، فیلمێک لە هەموو ڕوویەکەوە کامڵ، سیناریۆی بەهێز، نواندنی بەهێز، سینەماتۆگرافی بەهێز، مەیکئەپ و شێوازی ڕیکخستنی جل و بەرگەکان بە شێوازێکی نایاب، فیلمێک کە تا هەتایە دیالۆگەکانی لە مێشکماندا هاتووچۆ دەکەن، شاکارێک کە هەر جارێک سێری بکەیت شتێکی نوێی لێ دەبینیت و شتێکی نوێ سەرت دەسووڕمێنێت، چیرۆکێک کە دەربارەی هەموو وانە و هەڵەکانی ژیان ئەدوێت و فێرمان دەکات دووبارەیان نەکەینەوە، ئەو فیلمە ناوازەیەی کە کارەکتەرەکانی بوونەتە ئایکۆنی سینەما، لە کۆتاییدا دەڵێم گەر کەسێک خۆی بە سینەما دۆست بزانێت و "باوکی ڕۆحی" نەدیبێت ئەوە دڵنیابێت سینەما دۆست نیە.

بۆ فیلمی The Godfather

فیلمێکە ئیعتمادی تەنیا خستۆتە سەر کۆمیدیا، پەیامی سەرەکی فیلمەکە ئەوەیە کە مرۆڤ هەرچەندە بەهێز بێت پێویست ناکات غروور بیگرێت چوونکە هەموو کەسێک لە ژیان پێویستی بە هاوکاری جواردەورەکەی هەیە، بەو پێیەی مرۆڤ دروستکراوێکی کۆمەڵایەتیە و حەزی بە تێکەڵ بوون و یارمەتیدان و وەرگرتنی یارمەتیە.

بۆ فیلمی Baywatch

فیلمێکی یەکجار یەکجار بەهێز لە هەموو ڕووەکانی وەک نواندن و چیرۆک و سینەماتۆگرافیەوە، فیلمێک کە بۆمان دەردەخات مرۆڤ چەندە بێزار بێت بەڵام لەهەمان کاتیشدا ناتوانیت بەبێ خۆشویستانی بژیت، پێمان دەڵێت کە چەندە بە سەختیدا تێپەڕین ئێمە هێشتاکە ناتوانین یادگاریە خۆشەکان لەناو ببەین،.

فیلمێکی بەهێز لە ڕووی کۆمیدا و ئاکتینگ سینەماتۆگرافیەوە، دەتوانین لەم فیلمەوە ئەوە فێرببین کە هەرچەندە مرۆڤ حەزی بۆ لەناوبردنی شتە نوێیەکان هەبێت ئەوەندەش حەزی بەوەیە کە بیانهێڵێتەوە و پارێزگاریان لێ بکات ، لەم فیلمەش نواندنە نایابەکەی "جیم کاری" سەرسامی کردین.

بۆ فیلمی Sonic the Hedgehog

فیلمێکی بەهێز لە ڕووی کۆمیدیاوە، بەهێز لە ڕووی نواندنەوە، هەرچەنە پەیامێکی زۆر بەهێزی نیە بەڵام دەتوانین ئەوەنەی لێ تێبگەین کە تەنانەت مرۆڤە لاوازەکانیش لە کاتی بەهێزبوونیاندا تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە، ئەوەشمان پێ دەڵێت کە مرۆڤ چەندە بێ دەسەڵات بێت لە کاتێکدا خۆشەویستانی پێویستیان بە یارمەتیە دەبێتە بەدەسەڵاترین کەس.

بۆ فیلمی The Mask

فیلمێکی یەکجار یەکجار نایاب، فیلمێک کە دەیان و سەدان ڕاستی مرۆڤمان پشان دەدات دووبارە لەژێر پەردەی کۆمیدیا، بۆمان دەسەلمێنێت ئاخۆ ژیان چەندە خۆش دەبوو گەر مرۆڤەکان لەگەڵ یەک ڕازگۆ بوونایە، لە هەمان کاتیشدا ئەو مرۆڤانەی بە درۆ گەشتوون بە پلە و پۆست چەندە لە ژێر مرۆڤەکانەوە دەمانەوە، بێگوومان فیلمێکی زۆر نایابە بە تایبەت لە ڕووی چرۆک و نواندن، کە بێگوومان دەبێت نواندنی نایاب بێت چوونکە لە ڕۆڵگێڕانی "جیم کاری”ـیە.

بۆ فیلمی Liar Liar

فیلمێکی نایاب و کامڵ لە زۆربەی ڕووەکانەوە وەک سیناریۆ و ئاکتینگ و سینەماتۆگرافیەوە، فیلمەکە دووبارە باس لە تەنهایی مرۆڤ دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا باس لە شێوازی دەسەڵاتداریەکی هەڵە و چەوت دەکات، ئەوەی خۆم زۆر پێی سەرسام بووم لەم فیلمە سینەماتۆگرافیە ناوازەکەی بوو لەپاڵ نواندنە نایابەکەی "واکین فینیکس” پێشنیار دەکەم سێری بکەن، جۆکەرێکی تەواو جیاواز دەبینن.

بۆ فیلمی Joker

دەتوانین بڵێین فیلمێکی تا ڕادەیەک باشە بەپێی ئەو ژانەرەی هەیەتی، دەکرێت ئەم فیلمە پەیامە جوانەکانی لە ژێر پەردەی کۆمیدیایەکی سادە هەڵبگرێت و پێشکەشی جیلی نوێی بکات، جیاوازی نێوان ساڵانی ڕابردوو و ساڵانی ئێستامان پشان بدات، کە هەرچەنە پەیامی سەرەکی فیلمەکە جەنگ نیە بەڵام دەتوانرێت ئەوەی تیا بەدی بکرێت کە فیلمەکە جیاوازی نێوان جەنگ بە چەک و جەنگ بە تەکنەلۆجیا پشان بدات، لە کۆتاییدا سووپاس بۆ "ڕۆبێرت دی نیرۆ" کە توانی ڕۆڵی کەسێکی ئاسایی و بێدەسەڵات ببینێت دوور لە ڕۆڵە جیاوەزەکانی پێشووی، من پێشنیار دەکەم لەگەڵ خێزانەکانتان بینەری بن بۆ وەرگرتنی چێژێکی زیاتر و فێربوونی زیاتر.

بۆ فیلمی The War with Grandpa

فیلمێک بە مانای کەلیمە شاکار بە مانای کەلیمە نایاب، فیلمێک بۆمام دەردەخات تەنیایی مرۆڤ بەرەو کوێ دەبات، فیلمێک بۆمان دەردەخات کە دنیا چەندە فەسادی و بەد ئەخلاقی تیابێت هێشتا کەسانێک هەن کە قبووڵیان هەیە، فیلمێک کە بۆمان دەردەخا مرۆڤ چەنێک دەروونی دەشێوێت گەر هەوڵی یارمەتی خەڵک بدات بەڵام هەمووان ڕەتی بکەنەوە، فیلمێک بۆمان دەردەخات کە ئاخۆ چەندە خەتەرناکە مرۆڤ لە ژیانیدا ناچار بێت تەنها کار بکات و بخەوێت، دەتوانین بڵێین زۆربەی فیلمە هاوچەرخ و نوێیەکانی وەک (جۆکەر) و هتد... فکرەکەیان لە (شۆفێری تاکسی) وەرگرتووە، سووپاس بۆ "مارت سکۆرسێزی" بۆ ئەم فیلمە نایابە بۆ هەڵبژاردنی سینەماتۆگرافی نایاب بۆ هەڵبژاردنی ئاکتەری نایاب، وە سووپاس بۆ "ڕۆبێرت دی نیرۆ" کە یەکێک لە جوانترین ڕۆڵگێڕانەکانی خۆشی و مێژووشی پێشکەش کردین.

بۆ فیلمی Taxi Driver

بێگوومان فیلمێک بەشی یەکەمی باشترینی مێژوو بێت ئەوە بەشی دووەمیشی یەکێکە لە باشترینەکان، لەم بەشەدا زیاتر جەخت لەسەر کارەکتەری "مایکڵ کۆرلیۆن" دەکاتەوە کە "ئالپاچینۆ"ـی نازدار بەرجەستەی دەکات، کەسێک چۆن لە مرۆڤێکی میهرەبان و زانست خواز و شیک پۆش و تێکەڵ بە خۆشەویستی دەگۆڕێت بۆ کەسێکی دڵ ڕەق و سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین بنەماڵە مافیاییەکانی "نیو یۆڕک" و “ویلایەتە یەکگرتووەکان"ـیش بە گشتی، کەسێک ویستی دووربێت لە کاری کوشتن و خوێن ڕشتن بەڵام بە ناچاری بووە بکووژ، بووە سەرۆک خێزان، بەڵام کەسێک بوو شیاوی شوێنی خۆی بوو، بە گوێی ئامۆژگاریە نایابەکانی باوکی (ڤیتۆ کۆرلیۆن) کرد و وردە وردە و لەسەرخۆ توانی دووژمنەکانی لەناو ببات، وە دوای ئاگەدار کردنەوەی براکەی کە خیانەت لە خێزانەکە نەکات نەیتوانی بۆ دووەم جار لێی قبووڵ بکات بۆیە ئەویشی بە شێوەیەکی نادیار کوشت، هەرچەنە وا پێویست بوو کە زووتر بیکوشتایە بەڵام لەبەر ڕێزی دایکی ئەو کارەی نەکرد، دواتریش کە هاوسەرەکەی لێی جوودا بۆوە بۆ دووەم جار دەردی دووری چەشت، بەڵام حەقی بووە چوونکە بەڵێنەکانی نەبردە سەر، هەرچەنە ئەم جیابوونەوە وای لە "مایکڵ" کرد لە ڕقی زیاتر هەڵبگرێت بەڵام هیچ دەرەنجامێکی دیاری نەبوو.

بۆ فیلمی The Godfather: Part II

فیلمێکی ئێجکار نایاب، بێگوومان فیلمێک لە دەرهێنانی "کوێنتین تارانتینۆ" بێت و " براد پیت" و "لیۆناردۆ دیکاپریۆ" ڕۆڵی تیا ببینن هەر نایاب ئەبێت، سیناریۆیەکی بەهێز کە بەتەواوی قوڵ ئەبێتەوە لە ژیانی نواندنکارەکانی هۆڵیوود و چۆنیەتی کاردکردنیان، سیناریۆیەک کە ساردووسڕی هۆڵیوود لە سەردەمانێک و سەرەتای بەرەوەپێشچوونی پشان دەدات، لەگەڵ پشاندانی ئاکشن و خوێن ڕشتن کە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی "کوێنتین تارانتینۆ" ، لە کۆتاییدا دەڵێم هەموو کەس پێویستە بینەری ئەم فیلمە بێت گەر سینەما دۆستە، چوونکە ئەم فیلمە مێژووی هۆڵیوودمان پشان دەدات کە بناغە و بڕبڕەی پشتی سینەمای جیهان بووە و دەبێت.

فیلمێکی تەواو جیاوازی "کریستۆڤەر نۆڵان"، لەم فیلمە نۆڵان ئەبینین دوور لە زانست، دوور لە قوڵبوونەوەو ئاڵۆزکردنێکی یەکجار زۆری فیلمەکە، لەپاڵ ئەوەشدا دووبارە "ئالپاچینۆ" بە نواندنە بێ هاوتاکەی سەرساممان دەکات، دوای هەموو ئەوانەش بینەر لەگەڵ سینەماتۆگرافیە ناوەزەکەی ئەم فیلمەدا تێکەڵی فیلمەکە دەبێت و هەست بە خاو بوونەوەیەک ئەکات هەر وەک ئەوەی خۆی لە شارێکی بێ «شەو»ـی "ئالاسکا" بێت، دەتوانین بڵێین فیلمێک لە دەرهێنانی "کریستۆڤەر نۆڵان" بێت و "ئالپاچینۆ" نواندنی تێدا بکات پێویست بە وەسف ناکات.

بۆ فیلمی Insomnia