...چاوەڕوانبە
kurdsubtitle loading gif
(8) پێداچوونەوەکانی بینۆ

فیلمەکە قسە لەگەڵ ھەموو کچان و لە ھەر سەردەمێک دەکات کە کاتێک لە ناخیانەوە سۆز و خۆشەویستیان بۆ کەسێک نەبوو با بەزۆرەملێ و چاوسورکردنەوەی دەوربەر یاخود ئەو کەسەی داوای ھاوسەگیریان لێ دەکات نەترسن و ڕەتی بکەنەوە. داوا دەکات ڕێگەنەدەن ھیچ کەس لە ھیچ پلە و بارودۆخێکدا مەرج و تەمەنی ھاوسەرگیریان بۆ دیاری بکات چەند خۆشەویستیش بێت. بگرە تا کاتێ توانای پەرەپێدان توانا و گەورەبوون و ئەزموون پەیداکردنیان ھەیە بژین و ئازادبن و دواتر لەگەڵ ئەو کەسەی دەتانەوێت بژین. بوونی خۆشەویستی ژیان جوانتر دەکات بەڵام نەکەی بەو قسە سواو و خەڵەتێنەرانە ژیانت بفەوتێنی کە تەنھا ئافەریدەکراویت بۆ خۆشویستن و ھیچی دی. لە فیلمەکە کارەکتەری جۆ دەنوسێت، سەرەڕای ئەوەی نوسینەکانی چەنەھا جار ڕەتدەکرێتەوە، ئەو شکستانە ڕێگری ناکات لە دەربڕینی ناخ و ھەستەکانی. و ئەوەش وا دەکات ھاوسەرگیری ڕەتکاتەوە و کۆت و بەندی کۆمەڵگا بشکێنێ، کۆڕانە ھەڵسوکەوت دەکات و ئەوەی وەکو قەڵغان بەکاردێنێ دژی ئەو ھەستانەی ڵۆری بۆی ھەیە. ئەیمی ناوەستێ لە وێنەکێشان و لەگەڵ پووری دەچێتە ئەوروپا بۆ ھەوڵدان. بێث مۆسیقا بەردەوام دەژەنێت. وەکو ئەوەی بە کچان بڵێ سەردەمەکەت ھەرجاۆرێک بێت ھاوسەگیری و دۆزینەوەی پیاوێک قەدری تۆ دیاری ناکات، ئەوە خۆتی خۆت دەسەلمێنیت و شانازی دەکەیت. ژیان"یان ھاوسەگیری یان مردن" نییە، ڕۆحی خۆت لەوە گەورەترە بە پیاوێکی ھەڵبژێردراوی کۆمەڵگەکەت ببستیتەوە و تا سەر گیرۆدە بمێنیتەوە. لە فیلمەکە زیاتر ڕابمێنی دەڵێی ھەر بۆ بەشێکی کچانی ڕۆژھەڵات بەتایبەت دروستکراوە. کاتێک تاکە خەمی ھەم کچان ھەم کۆمەڵگە مانەوەی کچە و سەرقاڵبونیەتی بە گەشەپێدان و دۆزینەوەی خۆی و دڵخۆشیەکەی. لە ڕۆمانی سەرەکیدا "جۆ" ھەرگیز ھاوسەرگیری ناکات. چونکە نووسەر ئەو کارەکتەرەی لە ژیانی خۆی وەرگرتووە و خۆیشی ھەرگیز ھاوسەرگیری نەکردووە. بەڵام گرێتا چیرۆکێکی کلاسیکی بە دیدگایەکی مۆدێرنانە نیشانداین. بینینی گەورەبوونی ئەو کارەکتەرانە و پێگەیشتنیان لە منداڵی بۆ نەوجەوانی و ئینجا گەنجی بە شێوازی جیاجیا خراونەتە ڕوو. گێرویگ گۆڕینی ڕەنگەکانی بەکارھێناوە بۆ دەربڕینی جیاوازی ڕابردوو و ئێستا. ڕەنگە گەرم و گەشاوەکانی بۆ زەمەنی منداڵی و نەوجەوانی بەکارھێناوە کە پەیوەندی خوشکەکان گەرم و پڕ جۆشوخروش بووە. بەڵام ڕەنگە زستانەیی و شوێنە بەفرینەکانی بۆ کاتی گەورەبوونیان داناوە کە خەم و نیگەرانیان لەسەر کۆبۆتەوە. وەکو جۆ کە ھێشتا ئامانجی نووسینەکەی نەھێناوەتە دی، ئەیمی بۆی دەردەکەوێ توانای وێنەکێشانی سنوردارە و عاشقی لۆری دەبێت کە پێشتر خوشکەکەی خۆشویستووە، و مێگ ھەژارە و بێثیش نەخۆش دەکەوێت. ھەر لەبەر ئەمانەشە ئەم ڤێرژنەی گرێتا گێرویگ بۆ ڕۆمانەکە بە باشترین دانە دادەنرێت

بۆ فیلمی Little Women

فیلمەکە ژانەری میوزیکی و درامیە. فیلمێکی کەم بەڵام قووڵ. ئەگەر بە ڕوکەش فیلمەکە سەیربکەن لەوەیە تەنها جەنگی قوتابی و مامۆستایەک ببینن بۆ گەیشتن بە باشترین. بەڵام تا بەردەوام سەیری بکەی دەزانیت فیلمەکە تەنھا پەیوەندی بە مۆسیقا و ھەوڵدانەوە نییە. کاتێک تاڵەکانی سەرکەوتن و شکست پێکەوە دەئالۆسکێن، چاککردنی یان دەدەیتە دەست خۆت، یان خەڵکی تر بەوشێوەی پێیان خۆشە بۆت بهۆنەوە دەکرێت هەر پلەیەک پێی دەگەیت باشترینی تۆ بێت و خۆت پێی نەزانیت. یاخود بەپێچەوانەوە ئەو پلەیەی پێت وایە باشترینە، تواناکانت بەرەو لەوە باشتر بەرزت بکەنەوە. چۆن دەزانیت؟ فیلمەکە دەیخاتەڕوو. بزانە خەونێک دەکرێ پێمانبگەیەنێت، دەشکرێ ببێتە مۆتەکە و بەرەو هەڵدێرمان بەرێت. فیلمەکە بە ئاندرو دەستپێدەکات کە بە جلێکی سپییەوە ، کە پاکێتی و ئیرادەی تەواوی نێشاندەدات، تەپڵەکانی دەژەنێ و لە ناو تاریکاییەکەوە، بە سەرتاپا جلی ڕەشەوە فلێچەری مامۆستای دەردەکەوێت، کە وەکو نێچیرێک سەیری دەکات تا بیگرێ و چی بوێت لێی بکات. سەرەتا کەسێکی ئاسایی دەردەکەوێی بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە کەسێکی قسەرەق و دڕندەیە. جۆرەھا شێوازی سەرکۆنەکردن بەکاردەھێنێ لەگەڵ قوتابییەکانی تا بیانگەیەنێت بە پلەیەک کە کەس پێی نەگەشتووە. پلەی کەماڵ و بێعەیبی. پێی وایە ئەگەر مامۆستایەک دەستخۆشی لە قوتابییەکی بکات و پێی بڵێ ھەوڵی باشی داوە، قوتابیەکە دەبێتە کەسێکی تری ئاسایی ناو کۆمەڵ کە نە ھییچی پێیە بیبەخشێ و نە کەس دەیناسێت. بەڵام ئەگەر مامۆستا لۆمەی بکات و توند بێت لەگەلی، ڕۆحی ھەوڵدانی بۆ دەگەڕێتەوە و ھەست بەلاوازی ناکات و ئەوکاتەش، دەکرێ قوتابیەکە ببێتە یەکێک لە نەمرەکان لە مەجالەکەی خۆیدا. لە کۆتایی فیلمەکە، دەبینین ئاندرو، دوای ئەو ھەموو ئازارەی پێی ڕۆشتووە، سەرتاپا وەکو مامۆستاکەی جلی ڕەشی پۆشیووە و بە ھەموو ھێزیەوە دەژەنێت. ئاندرو خۆی پێی وایە بووەتە باشترین میوزیسیانی داھاتوو، فلێچەری مامۆستای پێی وایە لەڕێی ئەشکەندەدانەوە لە کۆتاییدا باشترین میوزیسیانی داھاتووی دروستکـــردووە. بەڵام جیمی باوکی ئاندرو کە ھەمیشە پشتی دەگرت تا تواناکەی پەرەپێبات، لە دوورەوە سەیری کوڕە ماندوو و نیمچە شێتەکەی دەکات، بۆی دەردەکەوێت کە کوڕەکەی لەدەست داوە و ئیتر ھیچی لەدەست نایەت بۆی بکات

بۆ فیلمی Whiplash

شیکردنەوە یەکەم دیمەن پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکە، کە دەرھێنەر لەجێی نیشاندانی خودی پێکدادانەکە، کاردانەوەی کەسایەتی لاوەکی بۆ ڕووداوەکە نیشاندەدات و بەمەش ھەر لە سەرەتاوە ئاشکرای دەکات کە فیلمەکە ھێندەی لەسەر کارەدانەوەیە بەرامبەر تراجیدیەکان، ھێندە دەربارەی تراجیدیەکە خۆی نییە.کاتێک جولی کارەکتەری سەرەکیمان لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا (پاتریس)ی هاوسەرە میوزیکژەنەکەی و منداڵەکەی لەدەستدەدات، سەرسوڕماو و بێدەنگ داماوە لەبەردەم کۆستەکەیدا ھەوڵی خۆکوشتن دەدات. دواتر لە توڕەیی و خەمی قووڵەکەیدا، پێکدادانەکە و ژیانی پێشویشی ڕق لێدەبێتەوە. بۆیە بڕیار دەدات لە ڕابردوو خۆی ڕزگار بکات و ژیانی سەربەخۆیی هەڵدەبژێرێ تا ئازارەکەی لەبیر بکات. ھەرچی شتێک لەناو دەبات کە دەیبەستێتەوە بە ڕابردووەوە؛ تەواوی کارە میوزیکی و کەلوپەلەکانی هاوسەرەکەی دەسوتێنێ، ماڵی چەند ساڵەی ژیانی دەفرۆشێت و لەگەڵ ئۆلیڤیەی کە عاشقی بوو دەخەوێت و دواتر جێی دەھێڵێ تا پشت لەوان و ڕوو لە دنیایەکی نوێ بکات. دەچێتە گەڕەکێکی هەژارنشین و چەند کەسایەتییەکی تر دەناسێت. ژەنیارێکی نای کە دەوڵەمەندان ڕادەکێشێ، لەشفرۆشێک کە کارەکەی دەکات چونکە بەدڵییەتی و بێ هیچ ویستێکی مادی، مێردی ناپاکی ژنێک کە دۆستی پشیلەیە، دایکە خەڵەفاوەکەی و خۆشەویستە دوگیانەکەی هاوسەرەکەشی. هەموو ئەو کەسانە هیچ لە جولی ناگۆرن و ئەویش هیچیان لێ ناگۆڕێت و کیشلۆفسکیش گرنگی بە قوڵبونەوەی کارەکتەرەکان و ئیشەکانیان نادات چونکە چیرۆکی جولیش بەشێکە لە چەندین چیرۆکی کەسانی دەوروبەرمان کە شایەنی گێڕانەوەن. لەنێوەندی دابڕانەکەیدا ڕابردوو دێتەوە سەر ڕێگەی. ئۆلیڤەیەی دەیدۆزێتەوە و ملوانەکەکەی بۆ دەگەڕێنرێتەوە و لە ھەمویشی ناخۆشتر بۆی دەردەکەوێت مێردەکەی ناپاکی لێ کردووە. جولی خۆی دەبینێتەوە کە لەجێی ئەوەی ڕابردوو لەبیر بکات وردە وردە خەریکە شوێنی دەکەوێتەوە. بۆی دەردەکەوێت کە باشترین ڕێگە بۆ بەردەوامبوون، قبوڵکردنی ڕابردووە نەک تێکشکاندنی. بۆیە بڕیار دەدات ئەو میوزیکە تەواو بکات کە مێردەکەی بە ناتەواوی جێی ھێشتبوو و ماڵەکەشی ببەخشێ بە خۆشەویستی مێردەکەی و لەگەڵ ئۆلیڤیەی بژی شین ئاسمانە، گەورە و فراوان و بەتاڵ. شین دەریایە، قووڵ و بێـبن. ئەوە باشترین دەربڕینە بۆ ئازارچەشتنەکەی جولی. لەدەستدانی ئازیزان و بێدەسەڵاتی لە گۆرینی چارەنوس دیق بە مرۆڤ دەکەن. جولی دوای چەندین هەوڵدان بۆ لەبیرکردنی ڕابردوو دیسان هەموو شتەکان بەجۆرێک دەچنەوە سەر برینەکەی و دەیکولێننەوە. لە کۆتاھەمین دیمەن، جولی دەگری. لە کۆتاییدا جولی بۆ لەدەستدانەکەی شیوەن دەکات لەبری ئەوەی خۆی لێ لابدات و لێی ھەلبێت مەرج نییە هەمیشە ڕابردووە ناخۆشەکان خراپ بن و لێی ڕابکەین، هەندێکجار لەباوەشگرتن و تێگەیشتن لێیان هەڵبژاردە باشەکەیە

بۆ فیلمی Three Colors: Blue

شیکردنەوە فیلمەکە وەکو چیرۆکە ڕۆمانسیە سواو و لاساییکەرەوەکان نییە تەنھا باسی گەشتی دوو ئاشق بکات بەرەو پێکگەشتن و پێکەوەبوون و ئتر تەواو ببێ. بەڵکو پاراستنی ئەو خۆشەویستیە و گرنگی دان بە سۆز و ھەستی نێوانیان. ئەوەی چیرۆکەکەی زۆر بەچێژترکردووە ئەوەیە کە ھەرچەند زانستی خەیاڵیە بەڵام دەلالەت لە واقع ئەکات. 'تیم' کەسێکی زۆر ئاساییە. جوانییەکی مامناوەند، نە دەوڵەمەند نە پلەبەرز و نە ناودار. بە سەیرکردنی کارەکتەرەکە خۆت دەببنیتەوە نەک کارەکتەرێکی فیلمی ھۆڵیوود. ئێمە ھەموو وەکو تیم ئاسایین و ئەوەش ڕێگری ناکات لە بەدەستھێنانی ئەوەی دەمانەوێت. با ھەڵە بکەین، با بکەوینە بارودۆخی ئیحراجکەر، گرنگ كۆڵنەدان و ھەڵنەھێنانەوەی ئەو ھەنگاوە ھەلانەن. جگە لە خۆشەویستیە ڕۆمانسیەکەی، باس لە سۆزی نێوان خێزان دەکات. خۆشەویستی باوکێک بۆ کوڕەکەی و برایەک بۆ خوشکەکەی. لە ھەندێ شوێن وەکو بینەر بیرمان دەچێتەوە کە فیلمەکە ڕۆمانسیەتی نێوان کوڕێک و کچێکە. بیرمان تەنھا دەچێتە سەر سۆزی باوکێک کە باوکی تیم پەیوەندییەکی ھاوڕێیانەی گەرموگوڕی لەگەڵ کوڕەکەی ھەبوو و تەواوی ژیانی چاودێری کردووە کە گەورەبووە. کاتێکیش لە کۆتاییدا گەشتی کردەوە تا لەگەڵ تیمی منداڵ بۆ کۆتا جار یاری بکات، قورس بوو چاوەکانمان لە فرمێسک بگرینەوە. فیلمەکە خۆشەویستی خوشک و برایەکی پێ نیشانداین، کە سەرەڕای جیاوازبوونیان کاریگەری نەخستە سەر پەیوەندیە جوانەکەیان فێرمان دەکات کە ناتوانین بە زۆر وا لە کەسێ بکەین خۆشی بوێین. با چەندە باشبین و چەند ھەلیان بدەینێ، ئەوەی بۆت دانراوە تەنھاوە ئەوە خۆشی دەوێی. (تیم) ھەموو ھەوڵێکی لە ڕازیکردنی چارلۆت دا بەڵام ھەر رازی نەبوو تا تیم ماری ناسی. ھەروەھا، پێمان دەڵێ ڕۆژەکانمان بە جۆرێک بەڕێبکەین وەکو ئەوەی لە داھاتوەوە گەڕابینەوە ئەوێ و بمانەوێ جیاواز بەڕێی بکەین. کە چێژی لە ھەموو چرکەیەک وەربگرین لەگەڵ ئازیزانمان وەکو ئەوەی کۆتا ڕۆژی ژیانمان بێ. ئاوات بە گەڕانەوە نەخوازین بۆ چاککردنی ھەڵەکانمان چونکە ئەوان ئێمەیان دروستکردووە. با ناتەواویەکانمان لە باوەشبگرین و قبولیان بکەین و شەرمیان لێ نەکەین وەکو چۆن دایکی تیم داوای لە ماری کرد شەرم لە کەموکوڕیەکانی نەکات، چونکە ئەوانە ژێانیان بەچێژترکردووە. گرنگی بە ھەموو کەسێکی چواردەورمان بدەین چونکە کە ڕۆشتن، ئیدی ناگەڕێنەوە. ھێندە خەمی بێ کێشەیی ژیانت و داھاتووت نەبێ، لە ئێستادا بژی و لەگەڵ ڕووداوەکاندا بڕۆ تا ژیان بۆ ھەر کوێیەکت دەبات کە لە چارەت نوسراوە

بۆ فیلمی About Time

شیکردنەوە واڵ ئی ئێستا و داهاتووە تاریکەکەی خۆمان نیشاندەدات. چیرۆکەکەی ڕەخنە لە ژیانی ئێستای مرۆڤ دەگرێ. کاتێک مشەخۆری زیادەبێت و کشتوکاڵ کەمدەبێتەوە و ئاوەکان پیس دەکرێن و خۆڵوخاشاکی مرۆڤ بێباکانە زەوی پیسدەکات. لۆمەی مرۆڤ دەکات کە لەجێی پارێزگاری کردن لێی، تاکە شوێنی مانەوەمان لەناودەبات و جێی دەھێڵێ بەو جۆرەبێت. مرۆڤ لەسەر ڕووی کەشتیەکە ڕۆحلەبەرێکی بێ ئەقڵی جێگەگرن و هیچی دی. شەو و ڕۆژ لەسەر کورسی فڕیو بەبێ قاچیان دێن و دەچن، لەبەردەم شاشەکان قسە لەگەڵ یەکدەکەن و خواردنەکانیان لە کوپدا بە قەسەب دەخۆن وەکو منداڵ کە شیر و شەربەتی پێدەدرێ لە لایەن ڕۆبۆتەکانەوە. ئەمە وەکو ئاماژەیەک بۆ لەدەستدانی ژیریان و تەممەڵی و نا بەرپرسیارێتیان وەکو منداڵێکی ساوا. فیلمەکە ئاماژەی بۆ لەناوچونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و سۆزی نێوان مرۆڤەکانی تێدایە، کاتێک کەسێک لەسەر کورسیەکەی دەکەوێتە و خوارەوە و داوای هاوکاری دەکات بەڵام کەس بەدەمیەوە ناچێت واڵ ئی نەبێت، ئەمە کارەساتی ڕاستیە، کاتێک ڕۆبۆتێکی بێ ڕۆحی لە ئاسن دروستکراو خۆشەویستی زیاتر دەبێت وەک لە مرۆڤێکی بەهەست. پەیامێکی تری واڵی-ئی جەخت کردنەوەیە لە ڕوبەڕوبوونەوەی کومەڵگە کە دەیەوێت کۆپی دەقاودەقمان لێ دروستبکات و خۆمان لەژێر پەستانی کومەڵگەییدا نەفەوتێنین و بەهرەی تایبەتیمان بدۆزینەوە و پەرەی پێبدەین. ئازادبوونە لە کەڵەکەکردن و بەستنەوەی خووەکانمان بە یەک شتی دیاری کراو بۆ ھەتا ھەتایە و گەڕانە بۆ تاقیکردنەوەی شتی جیاواز وەکو واڵ-ئی کە بە ھۆی ئیڤەوە خۆی خستە مەترسی و زەوی جێھێشت و (مۆ)ــش کە لەوە دەرچوو کە بەردەوام شت پاکبکاتەوە چوونکە پێی وتراوە، بەڵکوو بەردەوام چوو چونکە حەزی لێی بوو. بۆیە مەھێڵە ھەرگیز پێت بوترێ دەبێ چی بکەیت و نەکەیت، خۆت مەبەستی خۆت و بوونت بدۆزەوە. واڵ-ئی دوو جۆر دەردەبڕدرێت، وەکو سکاڵانامەیەک دژی مرۆڤایەتی بۆ شێواندنی زەوی و ئەو ژینگەی سەرچاوەی ژیانمان بۆ دابین دەکات. وەکو ئاگادارکردنەوەیەکیش لە لەدەستدانی هەست و سۆزی مرۆڤەکان ئەگەر بەم ئیهمالی و بێ خەمییە بڕۆن بەڕێوە. بەڕای من فیلمێکی تراژیدیە لە خۆیدا. ئێمە ئەو داھاتووە ھەست پێدەکەین، دەزانین ڕۆژێک دێت ئەگەر بەو جۆرەش نەبێ بە جۆرێکی تر ھێندە تەکنەلۆجیا ژیانمان بەڕێوە دەبات کە چی تر بێگانە دەبین بە یەکتر و ھەستەکانمان تێدا نامێنێت. کەچی ھێشتر شتێکی وایش ناکەین تا دووربین لەوە. ھەوڵەکانمان زیاتر بەرەو خراپترکردنە نەک باشتربوون

بۆ فیلمی WALL E

شیکردنەوە ئێمەی مرۆڤ ھەمیشە شتێک ھەیە لێی بترسین، کە بێت و خۆشیەکانی ژیانمان لێ تێکبدات. ساتەری نوسەری فەڕەنسی لەیەکێک لە شانۆییە بەناوبانگەکانیدا وتویەتی: "خەڵکانی تر دۆزەخـن." وتەکەی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کـــە دۆزخـــی ڕاسـتەقینە ئەوەیە کە کەسانی تر بەھۆی کردارەکانیان لە ژیانمان دەیخولقێنــن لە ناویدا ئەشکەنجەمان دەدەن، نەک ئەوە دۆزەخە ئاگرینەی ھەموو لێی تێگەیشتوین. پێچــەوانەی ئەم وتەیەی ساتەر لەم فیلمەدا بە ڕوونی خراوەتەوە ڕوو، کە دۆزەخــی ئــێمـە، خودی خۆمانــیــن نەک خەڵکی تر لە فیلمەکە جلسوورەکان کەسانی ھاوشێوەی کەسایەتیە سەرەکیەکانن، کە لەژێر زەوی و لە تونێلی گەورەدا لەلایەن حوکمەتەوە دروستکراون، بەڵام نەیانتوانیوە ڕۆحیان بۆ دروست بکەن، بۆیە لەجێی ئەوە دەبوو ڕۆحی مرۆڤەکانی سەرەوە بێنن و بەشی بکەن لەگەڵ ئەوانەی دروستیان کردوون. ئەمەش وای کردووە کۆپیەکان لاسایی ئەوانەی سەرەوەی زەوی بکەنەوە لە ژیانی ڕۆژانەیان. دواتر بە تەواوی پشتگوێخراون. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی نەک ھەر لە ئەمریکا، بەڵکو لە ھەموو سوچێکی جیھان مرۆڤانێک کە ھەمان پێداویستی مرۆڤی تریان ھەیە بەڵام پلەدوون و بە ھەژاری ماونەتەوە کە لەوەیە تەنانەت توانای دابینکردنی خۆراکی باش و بیمەی تەندروستیشیان نەبێ (لە فیلمەکە مێردی ڕێد چاویلکەکانی مێردی ئادێلاد بۆخۆی ھەڵدەگرێ چونکە بینی کزبووە و توانای بەدەستھێنانی چاویلکەی نەبووە یان ڕێد کە گۆشتی کەروێشکی خاوی خواردووە یان تەنانەت کە خودی خۆی منداڵەکەی ھێناوەتە دنیاوە بێ ھاوکاری ھیچ کەس) کەچی کەسانی تر لەسەریانەوە بەبێ ئاگایی لەوان ژیانێکی خۆش بەڕێدەکەن.( وەکو چۆن ئادێلاد فێری سەما و وێنە کێشان بوو و خۆشەویستی ژیانی دۆزیەوە و خێزانی پێکھێنا و ژیانێکی پڕ بەرھەمی لە گەشت و خواردنی خۆش و دۆزینەوەی ھاوڕێ بەسەربرد) کۆتاییەکەی لە کۆتایی فیلمەکە کوڕەکەی ئادێلاد بەشێوەیەکی سەیری سەیری دایکی دەکات وەکو ئەوەی نەیناسێتەوە. دواتر لە فلاشباکێکدا بۆمان دەردەکەوێ کە تەواوی کاتەکە ئادێلاد لە راستیدا کۆپییە ھاوشێوەکە بووە. کە ئادێلادی ڕاستی بە مناڵی چووە ھۆڵی ئاوێنەکان و ئەو کۆپیەی خۆیی بینی، کۆپییەکە قوڕگی بە توندی گرت (کە دواتر بوە ھۆی تێکچوونی دەنگی) و لە ژێر زەویەکە بەستیەوە و خۆی خستە جێگەی لە سەرەوەی زەوی. ھەر ئەوەش وای لە دایکوباوکی کرد بیبەنە لای دکتۆری دەروونی تا بزانن بۆچی گۆڕاوە و بووە بە کچێکی بێدەنگی شێواو. بەڵام دواتر خۆی لەگەڵیان گونجاند و بوە یەکێ لەوان.ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەنانەت کۆپیکراوەکانیش دەتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین و تەنانەت ڕۆحی خۆشیان ھەبێ و لاسایی ڕاستیەکان نەکەنەوە ئەگەر ھەلیان پێ بدرێت. لە سەرەتا تا کۆتایی فیلمەکە بۆنەیەک نیشان دەدرێت کە ھەزاران کەس دەستی یەکیان گرتووە. ئەوە کامپەینێک بوو کە لە ساڵی ١٩٨٦ (ھەمان ئەو ساڵەی ئادێلاد کۆپیەکەی بینی) نزیکەی ٦ ملیۆن و نیو ئەمریکی لە سەرتاسەری ئەمریکا دەستی یەکیان گرت وەکو ئاماژەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی و پشتگیریکردنی کەسە بێلانەکان. ئەوە کۆتا شت بوو ئادێلادی ڕاستی پێش گرتنەکەی بینی، بۆیە کە ئەویان کرد بە سەرۆکی خۆیان (چونکە تەنھا ئەو قسەی دەکرد لەنێوانیان) و ئەویشی لەژێر کاریگەری ئەو کامپەینە ھانیدان لەژێر تونێلەکانەوە بێنە دەرەوە دژی ھاوشێوەکانیان بجەنگەن تا ژیانێکی خۆشیان ھەبێت وەکو ئەوان

بۆ فیلمی Us 2019

شیکردنەوەیەکی کورت ئازاری لەدەستدانی دایکوباوکی و دەنگی ساتی مردنیان بەھۆی ئەوەوە ناخی نۆوڤڵ دەسوتێنێت و خەمێکی قووڵی خستۆتە دڵیەوە، بەڵام دەکرێ دەنگی کەسێک کە گرنگیت پێ دەدات و ھەر نەشت بینیو،ە ئەو ئازارە سووک بکات. گابریێڵ لە کاتێکدا پیتزاکەشی ٤٠ دەقە دواکەوتبوو، لە حاڵی نۆوڤڵ پرسی کاتێ زانی توشی ڕوداوبووە بەبێ گوێدانە پیتزاکە. ئەو شتە سادەیە ژیانی نۆوڤڵی گۆڕی. گوێی نۆوڤڵ پێش چاوەکانی عاشقی گابریێڵ بوو، ڕەنگەکان بۆ ژیانە ڕەشوسپیەکەی گەرانەوە، ئەو نۆوڤڵەی کە دەیویست مێشە ھاروھاجەکە بگرێ گەڕایەوە چیرۆکەکەی تر کە لە فیلمەکەدایە چیرۆکی دەستە بڕاوەکەی (نۆوڤل)ـە، کە ھەر لەسەرەتاوە لەگەڵ چیرۆکەکە دەڕوات. دەستەکەش وەکو نۆوڤڵ ھەوڵی دۆزینەوەی جەستە ونبووەکەی دەدا. ئەو ونبووەی بە دۆزینەوەی ئاسودە دەبوو دەکرێ ئاماژەش بێ بۆ ئەو شتانەی لەدەستچوون و ناگەڕێنەوە. ھەروەک چۆن دەستە بڕاوەكە نەیتوانی بلکێتەوە بە جەستەی نۆوڤڵەوە، ئاواش ناتوانین ئەو ئازیزانە بھێنینەوە کە مەرگ لێی بردوین، ناتوانین بە ئاسانی ئەو خەونانە بھێنینەوە کە دەستمان لێ ھەڵگرتوون. بەڵام دەتوانین کەسێک بدۆزینەوە لە بەردەوامبوونی ژیان ھانمانبدات و شتی سەرشێتانە بکەین. وەکو چۆن نۆوڤڵ لە کۆتاییدا بازێکی ترسناکی بۆ ئەوبەری بیناکە دا.دەشکرێ ھەر ئەو دەستە بە مانای ھەلی تربێت بۆ گەڕان و ئەزموونی زیاتر. ئەو دەستەی لە جەستەی نۆوڤڵ ڕزگاری بوو شتی تری چەشت تا ببێتە دەستێکی بەھێز و ژیانێکی قورس بژی. وەکو چۆن کۆترێکی کوشت تا ڕزگاری ببێ و گڕی لە جرج بەردا و فڕی

بۆ فیلمی I Lost My Body

شیکردنەوەی کۆتاییەکەی کچەکەی دایسو تا کۆتایی نەیزانی کە ئاشقی باوکی بووە، چونکە دایسو دوای ئەوەی ڕاستیەکەی زانی، زمانی خۆی بڕی لەبری ئەو ھەڵەیەی چەندین ساڵ پێش کردبووی و پاڕایەوە تا ھیچ بە کچەکەی نەڵێت. ووجین خۆی کوشت چونکە ئیدی تۆڵەی خۆی سەندەوە و ھیج نەما بۆی بژی. لە کۆتا دیمەندا دایسو دەبینین لەگەڵ ھەمان ژن کە خەواندنی موگناتیسی بۆ خۆی و کچەکەی کردبوو پێشتر، تا داوای لێبکات بێرەوەری بسڕێتەوە و ئەو نھێنییە لەبیرکات کە ئەوکەسەی خۆشیدەوێ کچییەتی و بەردەوام بن لە پەیوەندیەکەیان. خەولێخەرەکە پێی دەڵێ تۆ دەبیت بە دوو بەشەوە، بەشێکت ئۆ دایسو'ە کە نھێنیەکە نازانیت، بەشێکیشت "دڕندەکەیە'' کە نھێنییەکە دەزانێت.. دڕندەکە ئاوڕدەداتەوە و دەڕوات، لەگەڵ ھەر ھەنگاوێکی یەک ساڵ پیردەبێت و کە بوو بە ٧٠ ساڵ، دەمرێت. کاتێک دایسو خەبەری دەبێتەوە لەناو بەفرەکەدا کەوتووە، گریمانەیەک ئەوەیە کە بەشی دڕندەکە مردووە و ئەو بەشەی ماوەتەوە کە ھیچی لەیادنەماوە لەسەر ئەوەی ڕویدا. می دوو و دایسو باوەش دەکەن بەیەکدا و دەموچاووی دایسو ھەم دەگری و ھەم پێدەکەنێ، تا وا لە بینەر بکات دڵنیا نەبێ کە لە خۆشیدا پێدەکەنێ و ھەمووشتی بیرچۆتەوە، یان لە خەفەتدا دەگری کە ھێشتا بیری ماوە

بۆ فیلمی Oldboy