...چاوەڕوانبە
kurdsubtitle loading gif
(24) پێداچوونەوەکانی محەمەد عەدنان

ئایا هەرگیز دەتوانرێت ئینترۆپی ماددەکان پێچەوانەی کات بجووڵێنرێت؟ ئایا ئەمە دەبێتە هۆی جووڵە بە ئاڕاستەی پێچەوانە؟ `کریستۆفەر نۆڵان´ بەدەرهێنانە ناوازەکەی زۆر بەجوانی وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە و بیروڕاکانی خۆی دەربارەی کات دەخاتە ڕوو، وە نواندن لێرەدا نایابە و هەموو بەشداربووەکان کارێکی ناوازەیان کردبوو لە بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکەیان، هەرچەند ڕەخنەگران نواندنی `جۆن دەیڤد واشنتن´ـیان بەدڵ نەبوو، سەرەڕای ئەوەی دەبووایە بیانزانیبا کارەکتەرەکە خۆی بەوجۆرە ساردە و پێویستە بەوجۆرە ڕۆڵەکەی بەرجەستە بکرێت، هەروەها فیلمەکە خاوەنی سینەماتۆگرافی و کۆمەڵێک ساوندتڕاکی ناوازەیە، کە وا لە بینەر دەکات تەنانەت پاش کۆتایی هاتنی فیلمەکە، حەز بە دووبارە بینینەوە بکات، تاکە کێشەی فیلمەکە لە ڕێکخستنی دەنگ بوو، ئەویش تەنها لە دوو دیمەنی کورت، بەڵام ئەگەر بە ژێرنووس بینەری بن ئەوەیان نابێتە کێشە، بۆیە بەگشتی فیلمی `تـێـنـێـت´ نایابە و شایەنی نمرەی 9.5ـــە

بۆ فیلمی Tenet

فیلمێکی بەهێز و پڕمانا، تاکە کێشەی درێژی کاتەکەی و خاوی دیمەنەکانە، کە بینەر لێی بێزارئەبێ یان لەناو چیرۆکەکەدا ون ئەبێ، ئەمەش وادەکا فیلمەکە لاواز دەرکەوێ، ئەگینا لەهەموو ڕووەکانی ترەوە نایابە، پەیامێکی زۆر جوان و بەهێزی هەیە ئەبێ بینەر پێش بینینی فیلمەکە زانیاری دەربارەی چیرۆکە ڕاستەقینەکە هەبێ، بۆ ئەوەی بەجوانی لە چیرۆکی فیلمەکە تێبگات، باشترین لایەنی فیلمەکەش وەکو هەموو فیلمەکانی دیکەی تارنتینۆ دەرهنان و نواندنە، تەنها ئەگەر کاتەکەی کەمتر بوایە ئەوا شاکارێکی تەواوی ... بەرهەم دەهێنا

فیلمی `خـوێـن دەڕێـژرێـت´ یەکێکە لە شاکارە سینەماییەکانی ساڵی 2007، لە دەرهێنانە نایابەکەی (پـۆڵ تـۆمـاس ئـانـدێـرسـن) و نواندنە لەبیرنەکراوەکەی (دانـیـاڵ دەی لـویـس) و (پـۆڵ دەنـۆ)، وە خاوەنی سینەماتۆگرافی و میوزیکێکی ناوازە و گونجاوە لەگەڵ کەشی فیلمەکەدا، هەستێکی ڕاستەقینە بەبینەر دەبەخشێت و وای لێدەکات تێکەڵی چیرۆکی فیلمەکەبێت، هەرچەند فیلمەکە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە و لەوانەیە زۆرکەس فیلمەکەیان بەدڵ نەبێت، زیاتر سینەما دۆستان عاشقی ئەم فیلمە دەبن و بۆ ئەوان گونجاوترە

بۆ فیلمی There Will Be Blood

یەکێک لە شاکارەکانی نۆڵان، بەنواندنێکی نایابی ئاڵ پەچینۆ و ڕۆبن ویلیامز و هیلاری سوانک، کە هەرسێکیان زۆر ناوازەبوون، سینەماتۆگرافییەکەی هەستێکی ئارام لە هەمان کاتیشدا نامۆ بە بینەر ئەبەخشێ، چونکە ڕەنگی شینی زۆری تێدا بەکارهاتووە و ئەو ڕەنگە لە فیلمدا بەو مانایە دێت، جگە لەوەی خاوەنی چیرۆکێکی ئاڵۆزە هەرچەند ئاڵۆز دەرناکەوێ تا ئەوکاتەی بیر لە دایەلۆگەکانی ناوی دەکەیتەوە ...

بۆ فیلمی Insomnia

شاکارە بەڕادەیەک بینەر دوای تەواو بوونی فیلمەکە و بینینی ئەو پلۆت تویستە ناوازەیە، کاریگەرییەکی وەهای لەسەر درووسە دەبێ هەرگیز بیری نەچێتەوە، دەرهێنەر کریستۆفەر نۆڵان سەرەڕای ئەوەی یەکەم کارێتی، توانی یەکێکی لە باشترین کارەکانی خۆی ئەنجامبات، هەروەها نواندنی ئەکتەرەکان کە هەندێکیان سەرەتای کاریان بوو بەهەمان شێوە سەرسامکەر بوو

بۆ فیلمی Following

‌فیلمی `شـۆفـێـری تـاکـسـی´ یەکێکە لە شاکارە مەزنەکانی سینەما، زۆرێک لەو فیلمانەی ئێستا دەیانبینین بە دیمەنێکی زۆر بچوکیش بێت کاریگەری ئەم فیلمەیان پێوە دیارە ... لەڕووی دەرهێنانەوە (مـارتـن سـکـۆرسـێـزی) کارێکی نایابی کردووە لە چۆنیەتی ڕێکخستنی دیمەنەکان و چیرۆکی فیلمەکە، هەروەها لەڕووی بنیاتنانی کارەکتەرەوە زۆر ناوازەیە، بەجۆرێک هەر لە دەستپێکی فیلمەکەوە کارەکتەری (تـراڤـس)ـمان پێ ئاشنا دەکا بەوەی کە تەمەنی چەندە و پێشتر چ کارەبووە، لەڕووی نواندنەوە (ڕۆبـێـرت دێ نـیـرۆ) ئەفسانەکەی هاڵیوود لێرەدا یەکێک لە جوانترین تواناکانی خۆی پیشاندا لە نواندندا، بەجۆرێک سەرسامکەرە بینەر هەست ناکات کە سەیری فیلمێک دەکات، بەڵکو تێکەڵی فیلمەکە دەبێت و هەست دەکات خۆی (تـراڤـس) بێت، هەروەها (جـودی فـۆسـتـەر) کە تەمەنی تەنها 12 ساڵ بوو خاوەنی نواندنێکی جوان بوو لەم فیلمەدا، لەگەڵ ئەمانەشدا (سـکـۆرسـێـزی) لە دوو دیمەندا دەردەکەوێت، یەکەمیان تەنها کامیۆیەکە، بەڵام دووەمیان وەکو ئەکتەرە، کە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ چیرۆکەکە، لەڕووی ساوندتڕاکەوە خاوەنی کۆمەڵێک میوزیکی سەرنجڕاکێشە، لەگەڵ ئەوەی هەریەکە و کاریگەری ئەو دیمەنە نیشاندەدات لەسەر بینەر، وە دەیهەوێت بینەر زیاتر تێکەڵی چیرۆکەکە بکات، بەتایبەت ئەو میوزیکەی لە دەستپێکی فیلمەکە لێدەدرێت، هەستی (تـراڤـس) بەتەنهایی نیشاندەدات، لەڕووی دایـەلـۆگ (وتـە)ـەوە خاوەنی کۆمەڵێک وتەی جوان و پڕ مانایە، یەکێک لەوانە ”ڕۆژێک بارانێک دەبارێت و هەموو پیسییەکانی ئەم شەقامە پاک دەکاتەوە“، لەڕووی سینەماتۆگرافییەوە واتە لەڕووی تێکەڵکردنی ڕەنگ و ڕووناکی و جوڵاندنی کامێراوە ناوازەیە و مەبەستێکی لەپشتەوەیە، بۆنموونە لە دیمەنی دەرچوون لە ڕێستۆرانتەکە کاتێک تەواوی سکرینەکە ڕەنگی سوور هەڵدەگرێت، هەستی (تـراڤـس) بەنامۆیی و بوونی کێشە پیشاندەدات دوای ئەوەی پیاوە ڕەشپێستەکە وەکو گاڵتەیەکی هاوڕێیانە بە بکوژ بانگی دەکات، هەروەها دیمەنی کۆتایی ئەوکاتەی پۆلیسەکان دەگەنە شوێنی تاوانەکە و دەبینن (تـراڤـس) ئەو کوشتارییەی ئەنجامداوە، کامێراکە لەسەرەوە شوێنەکە نیشاندەدات بەو مەبەستەی خودا کارەکانی (تـراڤـس) دەبینێت و بەدڵی بووە هەربۆیە پاش ئەو ڕووداوە وەکو پاڵەوانێک ناوزەند دەکرێت و خەڵکی ڕێزی لێدەگرن، لەڕووی سـیـنـاریـۆ (چـیـرۆک)ـەوە خاوەنی چیرۆکێکی نایاب و کاریگەرە، بەهۆی توندی چیرۆکەکەی وا لە بینەر دەکات کە لەژیانی خۆی بێزاربێت و پرسیار لە هۆکاری بوونی خۆی بکات و بڵێت: ”بۆچی لێرەم؟ کارم چییە؟ بۆ دەبێ ئەم شتانە بکەم بەبەردەوامی؟“ بەڵام بە تێپەڕبوونی چیرۆکەکە هەرخۆی بەشێوەیەکی جوان وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە. — هەڵەیەکی ورد لە فیلمەکەدا هەیە ئەویش دەرکەوتنی منداڵێکە کە تەماشای کامێراکە دەکات ئەوکاتەی (تـراڤـس) قسە لەگەڵ پۆلیسە نهێنییەکەدا دەکات، وە (سـکـۆرسـێـزی) دوو کامیۆی هەیە کە زۆر دوورن لەیەکەوە یەکێکیان هەژار بوو ئەوی تریان کەسێکی خانەدان و کەشخە کە ئەمەش ناڕوونییە لە چیرۆکەکە، هەروەها لە دیمەنێکدا بە چرکەیەک کێشەی دەنگی بۆ درووست دەبێت ئەویش کۆتایی فیلمەکەیە ئەوکاتەی (ئـایـرس) هاواردەکات کەمێک دەنگەکەی دوادەکەوێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هیچێک لەو کێشانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر فیلمەکە درووست نەکرد .

بۆ فیلمی Taxi Driver

یەکێک لە فیلمە نایابەکان، لەڕووی چیرۆک و دەرهێنان و نواندنەوە زۆر ناوازەیە، هەروەها خاوەنی ساوندتڕاک و سینەماتۆگرافییەکی زۆر بەهێزە، کاریگەرییەکی باش لەبینەر ئەکا و وای لێدەکات جوانتر تێکەڵ بە فیلمەکە ببێت، نواندنی بێن ئافلێک لێرەدا سەرسامی کردم، چاوەڕێی نواندنێکی ئاوا نایاب نەبووم

بۆ فیلمی Gone Girl

یەکێک لە باشترین فیلمە نهێنی و ئاڵۆزەکان، بەجۆرێک بینەر تێکەڵی فیلمەکە دەبێت کە وا هەست دەکات هەموو ڕووداوەکان بەڕاستی ڕوودەدەن، ئەمەش بەهۆی زیرەکی دەرهێنەر و نایابی نواندن لەم فیلمەدا، هەروەها ناوازەیی ساوندتڕاک و سینەماتۆگرافی، ئەمانە پێکەوە هاوشانی چیرۆکێکی کاریگەر و بەهێز، شاکارێکیان ... بەرهەمهێنا

بۆ فیلمی Prisoners

| نووسینی: محەمەد عەدنان چیرۆکی فیلمەکە باس لە سیناریۆنووس (هێرمن جەی. مانکویز) دەکات، لە دوو ماوەی جیاوازدا: ١؍ لە ساڵانی ١٩٣٠ـەکان، پێش ئەوەی کار بۆ بەرهەمهێنەر (ئۆرسن وێڵز) بکات. ٢؍ دوای دەست بەکاربوونی وەک نووسەری فیلمی `هاوڵاتییانی کەین (١٩٤٠)´. دەرهێنەری فیلمەکە (دەیڤد فینچەر) دەیویست ئەم فیلمە هەستێکی سینەمای کلاسیک بە بینەر ببەخشێت، هەمان ئەو هەستەی کە خۆی بۆ فیلمی `هاوڵاتییانی کەین (١٩٤٠)´ هەیبووە، چونکە فیلمەکە یەکێکە لە دڵخوازترینەکانی خۆی، ئەمەش وا دەکات تێبگەین لە هۆی دەرهێنانی ئەم فیلمە لەلایەن (دەیڤد فینچەر)ـەوە. سینەماتۆگرافی فیلمەکە بەجۆرێک نایابە، سینەمای کلاسیک بەبیری بینەر دەهێننەوە، وەک: ڕەنگی فیلمەکە؍ ڕەش و سپی'ـیە بە هەمان شێوەی فیلمی `هاوڵاتییانی کەین (١٩٤٠)´. کونی جگەرە؍ لەکاتی گۆڕینی هەر دیمەنێکدا، کونی جگەرە دەرەکەوێت لە لای ڕاستی سەرەوەی ڕوونمایەکە.¹* خۆم لەکاتی بینینی فیلمەکەدا، هەستم بە کلاسیکی فیلمەکە دەکرد، بەڵام هێندە ڕووداو تێیدا کەمبوون، وای لێدەکردم ماندووبم، وە ڕێکخستنی دیمەنەکانی زۆر باش و نایاب بوون، (دەیڤد فینچەر) بەجوانی ستایلەکەی خۆی بەکارهێنابوو لەم فیلمەیدا، بەڵام چیرۆکی فیلمەکە تۆزێ بێزارکەربوو، تەنها چەند دیمەنێکی تێدابوو بەدڵم بێت، زۆربەی دایەلۆگەکان هەر بەگوێمدا دەهاتن و دوای ماوەیەک بیرم دەچوونەوە، ئەمەش لاوازی سکریپتی فیلمەکە دەردەخات. بەڵام سەرباری ئەمانەش، فیلمێکی باشە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ئاشقی فیلمی `هاوڵاتییانی کەین (١٩٤٠)´ بوون، خودی خۆم سەرەتا فیلمی `هاوڵاتییانی کەین (١٩٤٠)´ـم بەدڵ نەبوو، بەڵام پاش بینینی ئەم فیلمە و درک کردن بەوەی نووسینی دەقی ئەم فیلمە بە چ حاڵەتێکدا تێپەڕیوە و چۆن بەوجۆرە نایاب دەرچووە، ڕام بۆ فیلمەکە گۆڕاو بە تێڕوانینێکی باشترەوە سەیری دەکەم. وەکو خۆم، سوودێکی بچووکم دیمەنێکی فیلمی (مانک) بینی، لەڕووی نووسینی دەقی فیلمەوە، ئەویش ئەوکاتەی (ئۆرسن وێڵز) لە (مانک) تووڕە دەبێت و شووشەی خواردنەوەکانی (مانک) دەکێشێت بە دیوارەکەدا، (مانک)ـیش پێنووسەکەی دەگرێتە دەست و دەڵێت: ”ئەم دیمەنە دەخەمە نێو دەقی فیلمەکە، ئەوکاتەی (سوزن) هەڵدەستێت بەجێهێشتنی (کەین) ئەمە ڕوودەدات.“، کە (ئۆرسن وێڵز) ئەمە دەبیستێت ڕازی دەبێت ناوی لە کرێدیتی فیلمەکە بنووسێت، کە بەهۆیەوە خۆی و (مانک) دەبنە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین سیناریۆی ڕەسەن. لەکۆتایی فیلمەکەدا گوێبیستی چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆیی ساڵی ١٩٤٢ دەبین. لە کۆتاییەکەیدا، لە (ئۆرسن وێڵز) دەپرسن: ”هیچ پەیامێکت هەیە بۆ هاونووسەری سیناریۆکە، بەڕێز (مانکویز)؟“ (ئۆرسن وێڵز): ”لە ڕاستیدا پەیامێکم هەیە، ئێوە دەتوانن بۆمی بگەیەنن…          '(مانک)، نیوەی خەڵاتەکەم بۆ خۆت بێت!' “

بۆ فیلمی Mank

فیلمی `کوشتنەکە´ یەکێکە لە شاکارە مەزنەکانی `ستانلی کیوبرک´، ناوەڕۆکی فیلمەکە لەسەر هایستە، واتا دزینی پڕە پارەیەکی زۆر، وە بەڕای خۆم ئەو پلانەی لەم فیلمەدا بەکارهێنراوە بەجۆرێک سەرسوڕهێنەرە لەتەواوی مێژوودا وەکو فیلمێکی نوێ سەیر بکرێت. ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ ئەو شتانەی ڕقم لێبووەوە لە فیلمەکە: کەمتەرخەمی دەرهێنەر لە هەندێ دیمەندا/ نەڕژانی خوێن لەکاتی مردنی هەریەکە لە (شێری ، ڤاڵ ، نیک) بەڵام لە مردنی کارەکتەرەکانی تردا خوێن دەبینرا، کەواتە لە کەمتەرخەمی `کیوبرک´ بووە. ساوندتڕاکی فیلمەکە/ کێشە لە؟ساوندتڕاکی فیلمەکەدا نییە، بگرە زۆریش نایابە، بەڵام هەندێک جار لەکاتی جدی و توند بوونی چیرۆکدا میوزیکێکی جیاوازی دەخرایە سەر کە زیاتر بۆ دیمەنە کۆمیدی یان هێمنەکان بەکاردەهاتن، کە بێزارکەربوو بۆم، لەکاتێکدا دەبوو هەستی ترس و دڵەڕاوکێم بۆ درووست بکات. ناوی فیلمەکە/ هەڵبژاردنی تایتڵێکی گونجاو بۆ فیلم پێویستە لەڕێگەی ناوەڕۆکی فیلمەکەوە دیاری بکرێت، ناوەڕۆکی ئەم فیلمەش پەیوەندی بە پلاندانانەوە هەیە بۆ دزینی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر، کەچی لەبری ئەم ناوەڕۆکە، ناوی فیلمەکە `کوشتنەکە´ـیە، لەکاتێکدا ناوەڕۆکی فیلمەکە پەیوەندی بە کوشتنێکی دیاریکراوەوە نییە، جگە لەمەش لە پۆستەری فیلمەکەش بەهەمان شێوە وەکو چیرۆکی کوشتن دەردەکەوێت، کەچی ناوەڕۆکی فیلمەکە دەربارەی شتێکی جیاوازترە. کۆتایی فیلمەکە/ بەڕاستی پێم سەیربوو بەوجۆرە خراپە کۆتایی پێ هات، پلانێکی مەزن سەرەڕای تێک چوونی بەهۆی گەمژەیی (جۆڕج)ـەوە، بەڵام هێشتا (جۆنی) و هاوسەرەکەی توانییان ڕزگاریان بێت، لەسەرو ئەمانەشەوە، سەگێک بەناوی (سیباستیان) ڕاوی ئەو ئۆتۆمبێلە دەنێت کە جانتاکان دەگوازێتەوە و تەنها ئەو جانتا گەورە پڕ لە پارەیەی (جۆنی) دەکەوێت و هەرچی تێیدایە بە هەوادا دەچێت، بەڕاستی جێگەی پرسیارە کە بۆچی تەنها لە کاتی تێپەڕینی ئەوەدا سەگەکەش ڕادەکا لە باوەشی خاوەنەکەی؟ ئەی بۆچی تەنها ئەو جانتایەی (جۆنی) دەکەوێتە خوارەوە؟ بۆچی پاش کەوتنی جانتاکە سەگەکە ئارام دەبێتەوە؟ خۆ ترسی ئەو لە فڕۆکەکە بوو نەک ئۆتۆمبێلەکە، بەتەواوی کیوبرک دەیویست بینەر شۆک بکات و هیچی تر، ئەگینا کۆتاییەکی زۆر خراپی هەبوو، دەکرا بەشێوەیەکی زیرەکانەتر کۆتایی پێ بهاتایە.ــ ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ ئەو شتانەی بەدڵم بوون لەبارەی فیلمەکەوە: بێگومان چیرۆک و سیناریۆکەیم بەدڵ بوو، کارەکتەرەکانی بەهەمان شێوە، بەڵام چەند شتێکی تری سەرنج ڕاکێشی تێدابوو کە وایکرد بەدڵمبێت، بۆ نموونە چاوترووکانی (شێری) ئەوکاتەی لەهۆشخۆی چووبوو، ئەمە سەرەتا وەکو هەڵەیەک دیاربوو بۆم، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە چۆن هەمان ئەو قسەیەی کردەوە کە (جۆڕج) بەوانی تری وتبوو، لەبارەی هاتنی هاوسەرەکەی بۆ ئەوێ، ئەگەر ئەو چاوترووکاندنە نەبووایە، بینەر دەیگووت کە هەڵەیەک هەیە ئەگینا چۆن هەمان شتی پێ وتنەوە لەکاتێکدا بوورابووەوە. وردەکارییەکی تریش، کاتێک (جۆنی) پارەکان دەخاتە ناو ئەو جانتا گەورەیەی بۆی کڕیبوو، لەکاتی داخرانیدا دەبینین کە بە لێدانێکی بچووک دەکرێتەوە، هەر بۆیە لە کۆتاییدا بە کەوتنە خوارەوەی جانتاکە هەموو پارەکانی ناوی بە هەوادا دەچن. وە تاکە شت لە کۆتایی فیلمەکەدا بەدڵم بووبێ، ئەوکاتەبوو کە دەیانەوێت هەڵبێن، بەڵام لێکۆڵەرەکان دەیانبینن و لێیان نزیک دەبنەوە: فەی︓جۆنی، واباشترە ڕابکەیت! جۆنی︓جا جیاوازی چییە؟ بەو مەبەستەی هەڵهاتن و مانەوەم لەوێ هەر هەمان شتە، تازە تیاچووم و پلانە گەورەکەم بۆ ژیانێکی باشتر شکستی هێنا ...

بۆ فیلمی The Killing

هیچ وشەیەک لە تەواوی زمانەکانی مێژوو نادۆزمەوە بۆ وەسفکردنی مەزنی ئەم ئەنیمەیشنە، بینەر بوونی ئەمە، گەیشتنە بە ئاستێکی باشتر لە تێگەیشتن لە هەردوو ژیان...

بۆ فیلمی Soul

ئایا چی ڕوودەدات ئەگەر مێشکێک درزبەرێت و دوو کەسایەتیت بۆ درووست بکا؟ ئەی چی دەبێت ئەگەر ئەو دوو کەسایەتییە هەوڵ بۆ لەناوبردنی یەکتر بەرن؟ جەیک جێڵنهاڵ زۆر بە زیرەکانە ڕۆڵی دوو کەسایەتی تەواو جیاواز دەگێڕێت و بینەر دەخاتە گومانەوە لەوەی یەک کەس بن، فیلمکە بەجۆرێک ئاڵۆزە قورسە بەتەواوی بزانرێت مەبەستی تەواو چی بوو لە پەیامی فیلمەکە، چاڵجاڵۆکەکانی،ناو فیلمەکە تەنها خەیاڵ بوون و مەبەست لێیان ئافرەت بوو، تووڕی جاڵجاڵۆکە مەبەست لێی بەسترانی کارەکتەرەکە بوو بە ئافرەتێکەوە کە هاوسەرەکەیەتی و ئەویش خیانەتی لێ ئەکرد لەگەڵ کچێ تر، ئەمەش وای لێ کرد مێشکی بۆ دوو کارەکتەر دابەشبێت، دیمەنی تێکشکانی ئۆتۆمبێلەکەش هەر خەیاڵ بوو، لەناو مێشکی خۆیدا کەسایەتییەکەی دیکەی کوشت و کۆتایی بە پیسییەکانی هێنا، بەڵام پاش ئەوەی لەخەو هەڵدەستێت و دەبینێت کلیلی هۆڵە سێکسییە شاراوەکەی پێ دەگات و دەبینین دووبارە ئەوە دێت بەمێشکیدا کە بچێتەوە ئەوێ، سەرەڕای ئەوەی کەسایەتییە خراپەکەی خۆی کوشتبوو و دەیویست دەست بەژیانێکی تر بکاتەوە، بەڵام کەسایەتییە خراپەکە دووبارە زیندوو بووەوە، هەربۆیە کە دەچێتە ژوورەوە دەبینێ هاوسەرەکەی بووەتە جاڵجاڵۆکەیەکی گەورە و لە جەیک ئەترسێ، ئەمەش پێی ئەڵێ کە بەتەواوی شکستی هێنا لە باوەڕهێنان بە هاوسەرەکەی، وەکو خۆی کە لە پۆلا باسی ئەوەی کرد ڕووداوەکانی مێژوو دووجار ڕوودەدەن، سەرەتا تراجیدییە دواتر ئەبێتە گاڵتەیەک، بۆیە کۆتاییەکەی جەیک زەردەخەنەیەک ئەکا چونکە ئەتوانێ ئەمجارە ئاسانتر بەسەر ئەو خراپەیەدا زاڵبێت

بۆ فیلمی Enemy

ئایا دەکرێت کەسێکی ئاسایی ئەوەندە زیرەک بێت، بتوانێ بەتەنها خۆی پلان بۆ ئاشکرا کردنی بکوژێک دابنێت؟ بەتایبەت ئەگەر ئەوکەسە بەتەمەن بێت؟ بێگومان کارێکی قورسە، بەڵام هەموو کەسێک لەکاتی ئازار و تووڕەبووندا دەتوانێت شتانێک بکات کەسانی تر ناتوانن، باوکی (دانیاڵ) پاش ئەوەی لە پۆلیس و لێکۆڵەران بێ هیوا دەبێت، بڕیار دەدات خۆی کەیسەکە چارەسەرکات، دەرهێنانی فیلمەکە بەجۆرێک نایابە بینەر چەندین ئەگەری بۆ درووسە دەبێت بۆ کۆتایی فیلمەکە، سەرەڕای ئەوانەش هەر ناتوانرێ بەتەواوی بزانرێت کۆتاییەکەی چییە، نواندن لەم فیلمەدا زۆر باشە، وە سینەماتۆگرافی و ساوندتڕاکەکەی سادەیە تا خولەکی 60 پاشان زۆر بەهێز دەبێتەوە، چیرۆکەکەی زۆر بێزارکەرە بەهەمان شێوە تا خولەکی 60 پاشان بەهێز دەبێتەوە بەهۆی نزیک بوونەوە لە وەڵامەکان، سەرەڕای ئەوەی فیلمێکی نایابە، بەڵام هەڵەی زۆری تێدایە، بۆ نموونە جامی ئۆتۆمبێلی دانیاڵ تێکشکابوو بەڵام دوای ئەوەی خستییە ناو ئاوەکەوە هیچ شکاوییەکی پێوە دیار نامێنێت، هەروەها چیرۆکەکەی کەمێک دووبارەیی پێوە دەرەکەوێ، بەهۆی ئەوەی فیلمی لەوجۆرە زۆربوون کە پێش ئەم بەرهەمهێندراون

بۆ فیلمی The Invisible Guest

ئایا دەکرێت مێشکی خۆت درۆت لەگەڵدا بکات؟ دەکرێت چیرۆکێکی ساختە درووست بکات؟ ئەم فیلمە زۆر بەجوانی ئەو پرسیارە وەڵامدەداتەوە، وە هەستی ترس لای بینەر بەجێدێڵێت پاش کۆتایی هاتنی فیلمەکە بەوەی ئایا دەکرێت ئەوەی ئێستا تێیدام هەمووی بریتیبێت لە خەیاڵێک و خۆم درووستم کردبێ؟ ئەمەش خاڵێکی زۆر سەرکەوتووی فیلمەکەیە، دەرهێنانێکی نایابی بۆ کراوە بەجۆرێک بینەر ئەستەمە بتوانێ وەڵامە ڕاستەکەی دەستکەوێت، هەردەم ئەگەری نوێ دەخاتە بەرڕووت، وات لێدەکا بیرت بۆ ئەگەری جیاواز بچێت و وەڵامە ڕاستەکەت لێ ونبێت، لەڕووی نواندنەوە (سـام) کارێکی نایابی لەم فیلمەدا کردووە، بەجۆرێک هەست بەوە ناکەی تەنها فیلمێک بێت، لەڕووی ساوندتڕاک و سینەماتۆگرافییەوە زۆر ناوازەیە و هەستێکی جیاواز بە بینەر ئەبەخشێ و وای لێدەکات تێکەڵی چیرۆکە ئاڵۆز و پڕ نهێنییەکە بێت ...

بۆ فیلمی Fractured

ئایا دەکرێت ڕۆژێک خەونەکانمان کۆنتڕۆڵ بکەین؟ بیرکردنەوە لێی ئەستەمە، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک بتوانین چی دەبێت؟ ئایا شتێکی باش دەبێت یان خراپ؟ (کریستۆفەر نۆڵان) زۆر بەجوانی وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە و بە نووسینەوەی سیناریۆیەکی تێکەڵ و کاریگەر پەیامی خۆی دەربارەی خەون دەگەیەنێت، وە میوزیک و سینەماتۆگرافییەکەی ناوازەیە بینەر تێکەڵ بە چیرۆکەکە دەکات، هەروەها نواندن لەم فیلمەدا جوانە و بەپێی پێویست ئەکتەران کاری خۆیان ئەنجامداوە، بەڵام دەکرا جوانتر گرنگی بە بنیاتنانی کارەکتەرەکان بدرایە تا لە هزری بینەر بمانایەتەوە ئەوکات فیلمێکی تەواو بێ کێشە دەبوو

بۆ فیلمی Inception

یەکێکە لە باشترین فیلمە ڕۆژئاواییەکان، دەرهێنان و نواندنی زۆر نایابە و ساوندتڕاک و سینەماتۆگرافییەکەی زۆر ناوازەیە، پۆشاکەکان بەجۆرێک دیزاین کراون بینەر بخەنە هەستی ئەو سەردەمەوە، چیرۆکەکەشی نیوەی ڕاستەقینەیە و نیوەکەی تری هی خەیاڵی دەرهێنەرە، ئەمەش زیرەکی تارنتینۆ دەرەخات کە چۆن چیرۆکێکی ڕاستەقینەی بەوجۆرە گۆڕیوە و سەرکەوتووش بووە، یەکێک لە حەرەکانی تارنتینۆ گۆڕینی ڕووداوە مێژووییەکانە لە فیلمەکانیدا، لێرەش ئەو کارەدەکات بەشێوەیک بینەر چاوەڕوانی ئەوە نییە بەوجۆرەبێت، شایەنی بینینە

بۆ فیلمی Django Unchained

فیلمێکی نایابە، بۆ هەموو بینەرێک نابێت چونکە خاوە و ستایلێکی جیاوازی هەیە کە بەدڵی هەموو کەسێک نییە، پێویستە خۆشەویستییەکت بۆ کارەکانی تارنتینۆ هەبێت تا ئەم فیلمەت بەدڵ بێ، باشترین بەشی فیلمەکە نواندن و دەرهێنانە، بەتایبەت لە چۆنیەتی بنیاتنانی کارەکتەرەکان و ڕێکخستنی چیرۆک، ئەگەر کارەکانێ تارنتینۆـــت بینیووە و بەدڵت بوون ئەوا ئەم فیلمەشت بەدڵ ئەبێ، بۆ من شاکارێکی لەبیرنەکراوبوو

بۆ فیلمی Pulp Fiction

فیلمی `دوانزە پیاوی تووڕە´ یەکێکە لە مەزنترین شاکارەکانی مێژووی سینەما، فیلمەکە لە یەک ژووردا تۆمارکراوە و تەنها بۆ چەند خولەکێک دەرەوەی ئەو ژوورە پیشان دەدات، وە لەو ژوورەدا تەنها دوازدە کورسی و مێزێک و پانکەیەکی تێدایە، ئەمەش سادەیی فیلمەکە دەرەخات، سینەماتۆگرافی ئەم فیلمە هەرچەند لەڕووی ڕەنگەوە ڕەش و سپییە بەڵام هەر نایابە و کەشێکی تایبەت بەبینەر ئەبەخشێ وە لەڕووی جوڵاندنی کامێراوە زۆر ناوازەیە و هەر جوڵەیەک و پەیامێکی هەیە، لەڕووی ساوندتڕاکیشەوە زۆر جوانە هەرچەند زۆر کەمە و لە کۆتایی فیلمەکەدا هەستی پێدەکرێ بەڵام خودی فیلمەکە بەهۆی بەهێزی وتەکانەوە پێویستی بەهیچ ساوندتڕاکێک نییە تاوەکو یاریدەدەری بێت، لەڕووی نواندن و دەرهێنانەوە زۆر نایابە، بەتایبەت نواندنە لەبیرنەکراوەکەی `هێنری فۆندا´، ئەم فیلمە شایەنی بینینە و دەبێ هەموو بینەرێکی سینەما بۆجارێکیش بێت ئەم شاکارە ببینێت، بۆ ئەوەی بزانێت فیلمی ڕاستەقینە چۆنە

بۆ فیلمی 12 Angry Men

یەکێکە لە فیلمە ترسێنەرە سایکۆلۆژییەکان، لەڕووی دەرهێنانەوە (ئـاری ئـاسـتـەر) کە دەرهێنەری فیلمەکەیە، کارێکی زۆر نایابی کردووە لە شاردنەوەی نهێنییەکان و ئاڵۆزکردنی فیلمەکە، وای کرد چیرۆکەکە چەشنێکی سایکۆلۆجی باشی هەبێت. لەڕووی نواندنەوە هەرچوار ئەکتەرە سەرەکییەکە کارێکی زۆر نایابیان ئەنجامدا، بەتایبەت (تـۆنـی کـۆڵـێـت) کە زۆر کەس پێیان وابوو دەپاڵێورێت بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەڵام نەپاڵێورا، هەروەها (ئـەلـێـکـس وۆڵـف) نواندنێکی جوانی پێشکەش کرد گە لە دیمەنێکدا بەڕاستی شەویلگەی خۆی دەشکێنێت بەڵام هەر بەردەوام دەبێت لە نواندنەکەی، بەجۆرێک تێکەڵی کارەکتەرەکانیان بووبوون هەستت بەوە نەدەکرد کە چیرۆکێک بێت، هەستت دەکرد ڕاستی بێت و تۆش بەشێک بیت لەو چیرۆکە. لەڕووی چیرۆکەوە باشە بەڵام بێزارکەرە، ئەویش بەهۆی کۆتاییەکەیەوە، واتە لەڕووی چیرۆکەوە باشە و پەیامی خۆی هەیە بەڵام هیچ چێژێک بە بینەر نابەخشێت لەو ڕووەوە. لەڕووی سینەماتۆگرافی‌ـیەوە زۆر ناوازەیە، بەتایبەت دیمەنی گۆڕانی ڕۆژ و شەو ، هەروەها دەستپێکی فیلمەکە کە خانوویەکی بچووک پیشاندەدات، وا دەرەکەوێت بوکەڵە بێت و بتوانرێت یاری بە شتەکانی ناوی بکەیت بەڵام کە نزیک دەبێتەوە دەبینین کە ماڵی خێزانی (گراهام)ـە ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە خێزانەکە لەلایەن ڕوحێکی خراپەوە دەستی بەسەردا گیراوە. لەڕووی ساوندتڕاک‌ـەوە گونجاوە لەگەڵ دیمەنەکان و کەشی فیلمەکە، بەڵام میوزیکەکان بەجۆرێک نین لە هزری بینەردا بمێننەوە، واتە هاوشێوەی میوزیکەکانی فیلمی (Psycho (1960 و The Shining بەهێز نەبوون. لەڕووی مـەیـکـئـاپ / سـتـایـلـی قـژ / پـۆشـاک‌ـەوە زۆر باشە، بەتایبەت دیمەنی سەرە لێکراوەکەی (چـاڕڵـی).

بۆ فیلمی Hereditary

— وەرزی یەکەم: 10/10☆ وەرزێکی تەواو نایاب بوو لەڕووی سینەماتۆگرافی، ساوندتڕاک، نواندن، دەرهێنان، چیرۆک، — وەرزی دووەم: 9/10☆ وەرزێکی نایاب بوو بەڵام ئەڵقەی 7 (خوشکە ونبووەکە) و سەرەتای ئەڵقەی یەکەم ناپێویست بوون، گۆڕانکارییەکی زۆر کەمی لە چیرۆکەکەدا کرد کە ئەکرا بەکورتی لەچەند ئەڵقەیەکی تردا باسی لێ بکرایە، — وەرزی سێیەم: 8/10☆ وەرزێکی باش بوو، بەڵام هەندێ هەڵەی تێدابوو کە پەلەپەلی دەرهێنەری پێوە دیاربوو، بۆ نموونە، چەند هەرزەکارێک توانییان دەست بخەنە ناو کاروباری ڕووسییەکان کە ئەمەش شتێکی مەحاڵە بتوانرێ دەست بخرێتە کاروباری ئەوان بەو ئاسانییە، ئەکرا بەدرێژی باس بکرایە بۆ ئەوەی زیاتر ڕاستەقینەتر دەربکەوێت، زنجیرەکەش هەندێک درێژەی کێشتبوو، ئەکرا ئەم وەرزە کۆتایی بووایە نەک درێژبکرێتەوە بۆ دوو وەرزی تر

بۆ زنجیرەی Stranger Things

ئەگەر تا ئێستا بینەری ئەم زنجیرەیە نەبوویت، ئەوا تەنها بینەری وەرزی یەکەم و دووەمی زنجیرەکە ببە و خۆی لەوێدا کۆتایی پێدێت، بەڵام بەرهەمهێنەران بۆ مەبەستی بازرگانی درێژیانکردەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەر چوار وەرزەکە لەڕووی ساوندتڕاک و نواندنەوە بێ کێشەبوون، بەتایبەت وەرزی یەکەم و دووەم لەڕووی سینەماتۆگرافی و دەرهێنان و چیرۆکـەوە زۆر باشبوون، بەڵام لە وەرزی سێیەم و چوارەمەوە ئەو باشییەی نەما و ڕووی لە خراپ بوون کرد

بۆ زنجیرەی Money Heist

یەکێکە لە فیلمە پڕمانا و نایابەکانی سینەمای سەردەم، لەڕووی دەرهێنانەوە (تـۆد فـلـیـپـس) کارێکی نایابی کردوو لە دەرهێنانی ئەم فیلمەدا، بەجۆرێک بینەر لەدوای تەواوبوونی فیلمەکە چەندین بیردۆز بۆ چیرۆکی فیلمەکە و ڕووداوەکان دادەنێت، ئەمەش نیشانەی زیرەکی دەرهێنەرە لە شاردنەوەی نهێنییەکان و ئاڵۆزکردنی لای بینەر، لەڕووی نواندنەوە (واکـیـن فـیـنـێـکـس) لەم فیلمەدا باشترین نواندنی خۆی پێشکەش کرد، نواندنەکەی بەجۆرێک نایابە کە لەتەواوی فیلمەکەدا بۆ خولەکێکیش لەسەر سکرینی فیلمەکە لاناچێت، (واکـیـن) ڕۆڵی دوو کەسایەتی جیاواز ئەگێڕێت، (ئـارثـەر) و (جـۆکـەر)، ئەمەش زۆر قورسە بۆ ئەکتەرێک بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەسەر سکرینەکە بێت و ڕۆڵی دوو کەسایەتی جیاواز بگێڕێت، لەڕووی ساوندتڕاکەوە زۆر بەهێزە، بەجۆرێک تێکەڵی مێشک و بیرکردنەوەکانی ئـارثـەر‘ـت دەکات، لەڕووی سینەماتۆگرافییەوە زۆر ناوازەیە و یەکێکە لەباشترینەکانی مێژوو، هەمووشی پەیامی خۆی هەیە، بۆ نموونە ڕەنگی سپی لە فیلمەکەدا بەمانای ئاشتی و ئاسوودەیی دەروون دێت، یان ڕەنگی شین واتا ساردی و خەمۆکی و نائارامی، ڕەنگی زەرد و پڕتەقاڵی واتا گەرمی و خۆشەویستی و ئارامی، ڕەنگی سەوز واتا ناجێگیری دەروونی کارەکتەرەکە هەروەکو دیمەنی سەماکردنەکەی ئـارثـەر، لەڕووی مـەیـک ئـاپ / سـتـایـلـی قـژ / پـۆشـاک‌ـەوە زۆر باشە و لەگەڵ کارەکتەرەکە ئەگونجێ، زیاتر ناخی ئـارثـەر پیشانی بینەر ئەدات، و هەستەکانی دەردەبڕێت لەڕێگەی جل و بەرگ و ستایلی قژ و مەیک ئاپەکەیەوە، لەڕووی چـیـرۆک‌ـەوە زۆر جوان و کاریگەرە، باس لە کەسایەتییەکی ڕووخاوی دەست کۆمەڵگا دەکات بەهۆی زۆری سووکایەتی کە پێی کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بینەر فێری زۆر شت دەکات، بۆ نموونە ئازار نەدانی منداڵ و جوان پەروەردە کردنی، گرنگیدان بە هەستی کەسانی تر و سووکایەتی نەکردن پێیان، و زۆر شتی تریش کە بینەر ئەبێ خۆی لێکردانەوەی بۆ بکات. — تاکە شت کە وادەکا ئەم فیلمە شایەنی نمرەی تەواو نەبێ، ئەوەیە بەشێکی سیناریۆکەی لە فیلمی `شۆفێری تەکسی و پاشای کۆمیدیا´ـی دەرهێنەری مەزن `مارتن سکۆرسێزی‌´ـیەوە وەرگیراوە

بۆ فیلمی Joker

زنجیرەکە تا وەرزی پێنج کێشەیەکی ئەوتۆی نەبوو، وە زۆریش باش بوو، بەڵام وەرزی شەش و حەوت زنجیرەکەیان بەرە و خراپی برد، بەتایبەت وەرزی حەوت کە زۆر خراپ بوو بەجۆرێک پەشیمانی کردمەوە لەبینەربوونی زنجیرەکە، ئەم وەرزەیان لەڕووی سینەماتۆگرافی و ساوندتڕاک‌ـیەوە زۆر باش بوو، بەڵام یەکێک لە باشترین کارەکتەرەکان (بـێـڵامـی) تەنها لە سێ ئەڵقەی کۆتاییەکان دەرکەوت و بەزۆر وایان لە بینەر کرد ڕقی لێی بێتەوە چونکە لە کەسایەتییە ڕەسەنەکەی لایدابوو، هەر بەزۆریش بـێـڵامـی‘ـیان بە کـڵاڕک کوشت بۆ ئەوەی خەڵکی ڕقیان لەم کارەکتەرەش بێتەوە، تا بەزۆر کۆتاییەکەی بەوجۆرە لێبکەن کە خۆیان دەیان ویست، هەروەها دیمەنەکان تەنها درێژ ئەکرانەوە و لەخۆڕا شت ڕوویان دەدا و دایەلۆگەکانیش زۆر لاواز و کرنج بوون، وە دوو خراپەکاریان بەزۆر بۆ چیرۆکەکە زیادکرد تەنها بۆ درێژکردنەوەی ئەڵقەکان تا ببێت بە 100 ئەڵقە، ئەو دوو کارەکتەرەش تا ئەڵقەی کۆتایی هێڵرانەوە

بۆ زنجیرەی The 100

سەرەتای فیلمەکە تا نیو کاتژمێری بەجۆرێک خاوە بینەر لێی بێزاردەبێت و بە ئەگەری زۆرەوە واز لەبینەربوونی فیلمەکە دینێت، بەڵام هەر دوای نیو کاتژمێر تا کۆتایی فیلمەکە بەردەوام نهێنی نوێ و بابەتی بیرۆڵ سەرهەڵدەدات، بەجۆرێک بینەر ون دەبێت لەناو ئەو سیناریۆ ئاڵۆز و پڕ نهێنییەدا، دەرهێنەری ئەم فیلمە شایەنی ڕێزلێنانە بۆ ئەو کارە ناوازەیەی بۆ فیلمەکە کردوویەتی

بۆ فیلمی Oldboy